Sunday, January 20, 2013

کۆنفرانسیى چیرۆکە نەگوتراوەکە


"ئێمە زۆر سوپاسی ئێوە دەکەین کە رۆژانێک ئێمە نەماندەتوانی ئاڵاى خۆمان لە ووڵاتی خۆمان هەڵبکەین کەچی ئێستا لە ناو لەندەن و لە هەموو ئەوروپا ئاڵاى کوردستان دەشکێتەوەو رۆژانێک تەنها لە قاوەخانەکان سیاسەتمەدارانی کورد کۆبوونەوەیان لەگەڵ دەکرا کەچی ئێستا لە ناو پەرلەمانەکانى ووڵاتانى ئەوروپی وا خەریکە پرسی کورد دێتە پێشەوەى باسەکان و خەریکە خەڵکانێک کە کوردیان نەئەناسی ئێستا دان بە گینۆساید دابنێن کە دژى کورد کراوە"، ئەمە ووتەى ئافرەتێک بوو لە ئامادەبووانی کۆنفرانسی لەندەن دەربارەى گینۆساید دژى کورد. 
   بەر لە چەند رۆژێک و لە لەندەنی پایتەختی ئینگلاند یەکێک بووم لە ئامادبووانى کۆنفرانسی بە جینۆساید ناساندنی ئەنفال بە جیهان کە بەر لە بیست و پێنج ساڵ دژ بە کورد کراوە. کۆنفرانسەکە لەژێر ناونیشانی چیرۆکە نەگوتراوەکە بەڕێوەچوو. سەرکەوتن و رێک و پێکی تەنها سیفەت بوو کە ئەو کۆنفرانسەى پێ وەسف بکرێت کە ئەمیش بەشێکە لەو کەمپینەى بۆ ماوەى سێ مانگ بەردەوام دەبێت بە مەبەستی بە جیهان ناساندنی جینۆساید کە دژ بە کورد کراوە. بە ئامادەبوونێکى زۆر و ووتارى چەندین کەسایەتى جیهانی و کوردستانی بە راى من توانرا سەرەتایەکى باش و بناغەیەک بەهێز دابنرێت بۆ مەبەستی کەمپینەکە. ئەگەرچی درەنگ دەست کرا بەو پڕۆسەیە و دەبووایە هەر لە سەرەتاى ئەو سەدەیەوە دەستی پێ بکرابووایە بەڵام ئەمڕۆش بێگومان باشترە لە سبەى. لێرەوە جێگاى خۆیەتى دەستخۆشى لە رێکخەرانی ئەو کۆنفراسە بکرێ و هیواى سەرکەوتنیان بۆ بخوازین.  ئەمە یەکەم کۆنفرانسە کە بۆ ئەو مەبەستە ببەسترێت بەڵام هیوادارم دواهەمینیش نەبێت.  

No comments: