ژینگه و ئێمه و ئه‌وان
ئه‌و سیسته‌مه‌ى كه ئێمه له‌ناویدا ده‌ژین تا راده‌یه‌كى بىَ سنوور ئاڵۆزه‌و تاكو ئێستا زانست به هه‌موو پێشكه‌وتن و توانایه‌كیه‌وه نه‌یتوانیوه پێكهاته‌كانی به ته‌واوى له‌یه‌كتر جیا بكاته‌وه‌و تێبینی ته‌واوی گۆرِانكاریهكان بكات. له ماوه‌ى ئێستادا به‌شدارم له كورته خولێكى رێكخراوى یونسكۆ (به‌شى ئاو ) (UNESCO-IHE) كه له وولاَتى هۆڵه‌ندا بهرِێوه ده‌چێت ، لێره‌داو له ماوه‌ى ئه‌و كۆرسه‌دا د‌رك به‌وه ده‌كه‌م كه تا چ راده‌یه‌ك ئێمه بێ ئاگاین له‌و خزمه‌ته‌ى زانست پێشكه‌شى ده‌كات له بوارى ژینگه ئه‌گه‌رچیش ئێستا له قۆناغێكى سه‌ره‌تایی دایه، ئه‌م پێشكه‌وتنه‌ش له‌و بواره‌دا نه‌ك ته‌نها بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى ژینگه‌یه كه هاتۆته پیش، به‌ڵكو به‌رنامه‌ى كۆمپیوته‌رى وا داهێنراوه كه رێگه به‌وه ده‌دات ژینگه به زۆربه‌ى زۆرى پێكهاته ئاڵۆزهكانیهوه بخه‌یته سۆفتوێرێكهوه و به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بته‌وێت بتوانی گۆرِانكارى به‌سه‌ردا بهێنیت بۆ پێشبینی ئه‌وه بكه‌یت كه چی به‌سه‌ر ژینگه‌ى ئاویی ناوچه‌یه‌كی دیاریكراودا دێت ئه‌گه‌ر چه‌ند فاكته‌رێك گۆرِانكاریان به‌سه‌ردا هات. جا چ ژینگه‌كه كه‌ناڵێك، رووبارێك یان ده‌ریاچه‌یه‌ك بێت، له هه‌ر رووبارێكى هۆڵه‌ندا بۆ نموونه هه‌فتانه سامپڵێكى ئاو وه‌رده‌گیرێت و هه‌موو تاقیكردنه‌وه‌كانى به‌سه‌ردا ده‌كرێت له تاقیگه‌دا و ئه‌نجامه‌كان ده‌خرێنه ئه‌م به‌رنامه‌وه كه تایبه‌ته به پێشبینی و شیكردنه‌وه‌ى گۆرِانكارى و به‌سه‌رهاته‌كانى هه‌ر رووبارێك، نموونه‌یه‌كى ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ش كه هه‌ر له هۆڵه‌ندا داهێنراوه (Delft 3D - WAQ) ــه كه هه‌ر به‌ناوى شاره‌كه‌وه ناونراوه (شاری دێلفت) .
ئه‌م خوله كه به ناوى (Environmental System Modeling) ــه ، تیایدا باس له‌و هۆكارانه ده‌كرێت كه كاریگه‌ریان به‌سه‌ر رووبار و ده‌ریاچه‌كانه‌وه هه‌یه له سه‌رانسه‌رى جیهان، چۆن بتوانین ئه‌م ژینگانه بخه‌ینه پرِۆگرامێكى وه‌كو Delft 3D و بتوانین ده‌سكارى بكه‌ین به زۆر شێوه بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نجامی دهسكاریهكان بزانین بێ ئه‌وه‌ى ده‌سكارى ژینگه راسته‌قینه‌كه بكه‌ن.
له كوردستان ده‌توانرێت سوود له‌و به‌رنامه‌یه وه‌ربگیرێت , بۆ نموونه ئێستا پرِۆژهیهكی وا له ئارا دایه كه به‌نداوى گۆمه‌سپان دروست بكرێت، ده‌توانرێت ئه‌و رووبارانه كه وا برِیاره ئه‌و به‌نداوه دروست بكه‌ن ئه‌نجامى تاقیكردنه‌وه‌ى هه‌موو پێكهاته كیمیایی و بایۆلۆجی و فیزیاییه‌كان بخرێنه ناو ئه‌و به‌رنامه‌یه‌و كاریگه‌ریه‌كانى ئه‌و به‌نداوه له‌سه‌ر ئه‌و رووبارانه و ناوچه‌كانى دواوه‌ى ئه‌و به‌نداوه بزانرێت به‌ر له‌وه‌ى ده‌ست به بنیاتنانی بكرێت. ئه‌مه ده‌كرێت ببێته ریسێرچى (لێكۆڵینه‌وه‌ى) ده‌رچوونى قوتابیه‌كى ماسته‌ر له به‌شى ژینگه یا هه‌ر به‌شێكى تری تایبه‌تمه‌ند به‌و كاره به كۆلیژه‌كانى زانست و ئه‌ندازیارى .
په‌یامی زۆربه‌ى پرۆفیسۆره‌كان له‌و خوله‌دا له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه كه ژینگه به هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه و له هه‌موو چینه‌كانى (ئاو، بایۆسفیر، ئه‌تمۆسفیر، ستراتۆسفیر) پشكی خۆیان له كاریگه‌ریه نێگه‌تیڤه‌كانى گۆرِانكاریه ژینگه‌ییه خهراپهكانهوه وه‌رگرتووه و دیارده‌ى قه‌تیس بوونی گه‌رما ته‌واو لاوازى كردوون. بێگومان چینه‌كانى بایۆسفیر و ئه‌تمۆسفیر چینی بوونه‌وه‌ره زیندووه‌كانن بهلاَم...
چی بكرێت؟
له روونكردنه‌وه‌یه‌كیدا د. ماك كڵهین كه یه‌كێك بوو له وانه‌بێژه‌كان له‌و خوله‌ى رێكخراوى یونسكۆ له دێلفت و دكتۆراى له زانكۆى واشینتۆن وه‌رگرتووه*، باسی له‌و هه‌نگاوانه ده‌كرد كه پێویسته بگیرێنه به‌ر و له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كان و رێكخراوه‌كانه كه جێبه‌جێی بكه‌ن، هه‌ر له هه‌نگاوه پراكتیكی و زانستیه‌كانه‌وه بۆ پاراستنی رووباره‌كان و چۆنیه‌تى دابه‌شكردنى پاشماوه‌ى ئاوى پیسى ناو شار تاكو هۆشیاركردنه‌وه‌و روونكردنه‌وه‌ى كاریگه‌ریه نێگه‌تیڤه‌كانى سه‌ر ژینگه له ژیانی رۆژانه‌ماندا.
ئێمه‌ى دانیشتوانی رۆژههلاَتی ناوه‌راست و كوردستان به شێوه‌یه‌كى تایبه‌تمه‌ندتر كه دوورین له هه‌ردوو جه‌مسه‌ره‌كانه‌وه كه ده‌ستیان به توانه‌وه كردووه ، شوێنه سارد و به‌ستووه‌كانى پانتاییه‌كانى سیبیریا كه ده‌ستی به ده‌ردانى گازی میسان كردووه كه زۆر له زیادبوونى برِی دوانه ئۆكسیدی كاربون ترسناك تره و هه‌روه‌ها دووریمان له گرِكانهكانى ئایسله‌ند كه له ماوه‌ى رابردوودا ته‌واو گرژی و تورِهییان پێوه دیاره، دووریمان له‌و سه‌رچاوانه‌وه كه ئاوێنه‌ى تێكچوونى ژینگه‌ن ماناى ئه‌وه نیه كه ئاگادار بوون له‌و گۆرِانكاریه ژینگه‌ییانه په‌یوه‌ندی به ئێمه‌ى دانیشتوانی دوور له‌و شوێنانه‌وه نیه، خه‌ڵكانێك كه له ده‌ورانده‌ورى ئه‌و شوێنانه ده‌ژین ناكرێت ئه‌و باره قورسه به ته‌نها هه‌ڵبگرن كه دانیشتوانی زه‌وی به‌رپرسى راسته‌وخۆن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ر یه‌كێك له ئێمه ده‌ستێكى بالاَى هه‌بووه له تێكدانى ئه‌م ژینگه‌یه، بۆیه هه‌ر ئێمه‌ش ده‌بێت ده‌ست به چاكردنه‌وه‌و پاراستنی ئه‌م زه‌ویه‌مان بكه‌ین كه تاكه شوێن و ته‌نها تاكه شوێنى ژیانی ئێمه‌یه.
ره‌نگه زۆرمان خۆمان به تاوانبارى ئه‌م كه‌یسه نه‌زانین، بهلاَم هه‌ندێك به‌ڵگه ده‌خه‌مه به‌رده‌ست تاكو تاوانه‌كه به‌سه‌ر خۆماندا بچه‌سپێنین....
- هه‌ر ئێمه‌ین بۆ هه‌موو كارێكى گه‌وره‌و بچووك ئۆتۆمبێل به‌كار ده‌هێنین؟ كه سه‌رچاوه‌ى یه‌كه‌می به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆنه له شاره‌كان.
- هه‌ر ئێمه‌ین لامان شه‌رمه له كوردستان بۆ نموونه خه‌ڵك به پایسكل هاتووچۆ بكات و ببێته سایهیهكى پشت پێبهستراوى هاتووچۆ؟ بۆچى بهرِێوهبهرایهتى هاتوو چۆ تاكو ئێستا پرِۆپۆزاڵێكى له‌و بابه‌ته‌ى پێشكه‌ش نه‌كردووه كه له‌گه‌ڵ دروستكردنى هه‌ر شه‌قامێك له‌ینێك تابه‌ت بكرێت بۆ پایسكلسوار؟ گه‌ر هۆكاریش گه‌رمی هاوین بێت, ئه‌ى له‌كاتى شه‌و و له وه‌رزى به‌هاردا.
- ئه‌ى هه‌ر ئێمه نین بۆ شووتنی ئۆتۆمبێله‌كانمان عه‌مبارێك ئاو سه‌رف ده‌كه‌ین؟
- هه‌ر ئێمه‌ین به‌یانیان زوو دیسان عه‌مبارێك ئاو له شووشتنی شه‌قام و به‌رده‌رگا سه‌رف ده‌كه‌ین؟ به‌گوێره‌ى راپۆرتێك كه به‌ر له چه‌ند مانگێك له رۆژنامه‌یه‌ك به‌رچاوم كه‌وت، ئاوى شاری هه‌ولێر له ماوه‌ى 6 ساڵى رابردوو نزیكه‌ى 2.5 م دابه‌زیوه، ئه‌م ئاوه كه له شووشتنی شه‌قام و ئۆتۆمبێل و له بێ شێره‌یی بهفیرِۆ ده‌چێت ئاوی ژێر زه‌وین، واته ئاوى خاوێن، بهرِێوهبهرایهتیه بهرپرسیارهكانى سه‌ر به حكومه‌تى هه‌رێم تا ئێستا چ پرِۆژهیهكى وایان به‌رده‌سته كه ئاوی چاره‌سه‌ركراو به جیا بۆ مالاَن بێت و جیا بێت له ئاوی خواردنه‌وه.
- كام گهرِهكى شار سیسته‌مى دابه‌شكردنى ئاوى به به‌رنامه‌یه‌كى وه‌كو (Epanet) دیزاین كراوه ئینجا بۆرِی ئاوى بۆ راكێشرابیت و به به‌رنامه‌یه‌كى تایبه‌ت بۆرِى ئاوهرِۆى بۆ به‌ستراوه؟
- كه‌م كه‌ناڵى ئاو كه له رووباره‌كانه‌وه وه‌رگیراون تاكو ئێستا گرنگیه‌كی ئه‌وتۆى پێ دراوه ، زۆربه‌یان له‌به‌ر زۆرى گژو گیا ره‌نگه رێرِهوهكهى دیار نه‌مابێت. لایه‌نى به‌رپرس پێویسته گرنگی زۆر به‌و بواره هه‌ستیاره بدات و زانكۆ به‌شداربێت له برٍیاردان بۆ ئه‌وه‌ى چى بكرێت تاكو ژینگه‌ى كوردستان روو له خه‌راپى نه‌كات، به پێى ووته‌ى بهرِێز ره‌شید ره‌سول كه به‌رپرسى ئاو‌و هه‌وایه له شاری هه‌ولێر كه (له یه‌كێك له دیمانه‌كاندا له گۆڤارى ئۆزۆن) ده‌ڵێت كه‌وا گۆرِانكارى تێكچوونی ژینگه‌ى جیهانی ده‌ستی پێكردووه كاریگه‌ری له ژینگه‌ى كوردستان بكات. كه‌واته كاتی ئه‌وه هاتووه قۆڵى لێ هه‌ڵبكه‌ین و ئه‌كادیمیانه كارى بۆ بكه‌ین. ئه‌م هه‌وڵدانه‌ش ده‌بێت به هه‌ماهه‌نگی بێت له‌گه‌ڵ وولاَتانى دراوسىَ، بهلاَم له پێشه‌وه با له خۆمانه‌وه ده‌ستی پێ بكه‌ین.
* <http://www.unesco-ihe.org/iu/staffmember/mmc>
No comments:
Post a Comment